چەند خولەک فیلم چوار دەیە پێوەندی تووشی خەلەل ناکات/ محەمەد هادیفەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کورتەفیلمێکی چەند خولەکی لە سەر تەوەی یارمەتی گەیاندنی ئێران بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر هەولێر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە و ناڕەزایی و ڕەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا. چەند تێبینی لە سەر ئەم فیلمە ناکارناسانە بوونی هەیە.

کوردپرێس:

مێژووی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و لە پاش 1979وە بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو کاک ئیدریس بارزانی و پاش ئەوەش بۆ ماوەیێکی زۆر بە سەرۆکایەتیی کاک مەسعوود بارزانی هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە و فێلمێک و کۆپی کردنی هەندێک خەیاڵی دوور لە ڕووداوەی حەقێقییەکان ئەوەش بە ستایلێکی ناپیشەیی خەلەل بەو پێوەندییە ناگەیەنێت. سینگی سەرۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئێران لە دەیەکانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ناوچە سنوورەییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق تەژییە لە بیرەوەریی تاڵ و شیرین و هەمیشەیی کە بەو ئاسانییە ناسڕدرێتەوە. ڕەنگە یەک لە چڕترین پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنە حیزبی و خەباتگێڕییەکانی ناوچەکە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتیش لەگەڵ بنەماڵەی بارزانییەکان دژی تەکفیر بووبێت. لەبارەی ئەو کورتە فیلمەشەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دۆسیەی سەرهەڵدان و ڕووخانی داعش و ڕەفتاری دژە مرۆڤایەتیی ئەو گرووپە لە عێراق، بێگومان بەڵگەسازی کراوە و خوێندنەوەیێکی نادروست لەو دۆسیەیە ناتوانێت زمانحاڵی هەموو ڕاستییەکان بێت. هەروەها باشتر ئەوەیە بۆ برەوپێدانی مەنهەجی سەردار سولەیمانی لە تایبەتمەندییە ئەخلاقی و ڕەفتارییەکانی ئەو خۆشەویستە کۆچکردووە ورد ببینەوە. چوونکە ئەو کەسێک بوو کە لە لووتکەی دەسەڵات و ناوبانگیشدا بەردەوام خۆی بە خزمەتکاری گەلان و بەتایبەتی سەرکەکانی گەلان دەزانی. کەسێکی ئەمینی نزیک لە سەردار سولەیمان باسی ڕێزی تایبەت ئەو بەڕێزە بۆ شەخسی کاک مەسعوود دەگێڕایەوە و دەیفەرموو حاجی قاسم وەک خۆی چەند جار هەڵوێستی لەبارەی ڕەخنەی میدیا ناوخۆییەکان بەرامبەر سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەرگرتبوو و پێشنیازی کردبوو کە بەها و پێگەی کاک مەسعوود و سەرۆکەکانی ئەو حیزبە لە مێژووی خەباتی هاوبەشیان دژی دیکتاتۆریەتی سەدام و تەکفیری داعش جێی ڕێز و ستایشە و نابێت خەلەل بەو پێوەندییە بگەیێندرێت و تەنانەت بەڕێزیان لە باڵاترین ئاستی بڕیاردان سەبارەت بە حکوومەت بە ئاشکرا ناوی کاک مەسعوودی بە ڕێزەوە دەهێنا. هەر بۆیە باشتر وایە لە ناساندنی مەنهەجی ئەو بەڕێزەدا سەرنج بخرێتە سەر ڕەفتارەکەیان. لەگەڵ ئەوەش بڕوای هەموو قەوم گەلان بۆ هاووڵاتییانی خۆی جێی ڕێزە و وێنە و بۆچوونی هەڵگری سووکایەتی بە بیروبڕوای هەر کۆمەڵگایێک لەگەڵ عەقڵییەتی وڵاتێک بەو مێژووە بەرفراوانەی شارستانییەت کە ئێران هەیەتی یەک ناگرێتەوە. گیانفیدایی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر دیکتاتۆرەکانی تکریت و تەکفیر لای کەس شاراوە نیە و دامەزرانی عێراقی نوێ قەرزداری شەهیدە کورد و عەرەب و ئێرانی و عێراقییەکانە.

لە لایێکی دیکەوە سەردار سولەیمانی لە سەردەمی حەیاتی خۆیدا بەردەوام لە ناو و ناوبانگ و نان هەڵدەهات. ئەو نموونەیێک بوو لە خیرەت و پشوودرێژیی مێژوویی ئێرانییەکان لە بەرامبەر تەعامولاتی دەرەوەو ناوەوەی وڵات. هەر بۆیە پێ ناچێت ڕۆحی ئەو بەڕێزەش بیرئانینی لەو شێوەیەی جێی ڕەزامەندیی ئەو بێت کە تێیدا سووکایەتی بە یارانی کۆنی کرابێت. خوێندنەوە و هەڵدانەوەی مێژووی خەباتی لایەنە حیزبی و خەباتگێڕییەکان لە دڵی دەقی بەڵگە و پەیماننامە و وتەی سەرۆکەکان لە نووسراو و میدیاکاندا هەیە و دەکرێت سەنگ و قورساییەکانیان پێوانە بکرێت. ڕەفتاری لەو شێوەیە کە هەڵگری سووکایەتییە جگە لە کاردانەوەی خراپی ورووژێنەر شتی تری لێ دەرناچێت. عاقڵانەترین هەڵوێست وەرگرتن لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمەوە ئەو هەڵوێستە بوو کاک نێچیرڤانبارزانی سەرۆکی بەڕێزی هەرێمی کوردستانی وەریگرت. بینیمان کە ئاوێکی ساردی بە سەر ئاگری ناکۆکیدا کرد. ئەو بەڕێزە خۆی یەکێک لە هاونشینانی سەرەکیی سەردار سولەیمانی بوو و باشتر لە هەموو کەس مەنهەج و ڕەوشتی موداراکردنی حاجی قاسمی خستۆتە ڕوو. هەر بۆیە باشتر ئەوەیە میدیاکانی هەردوو لا هەر ئەم پێشنیازانە سەرۆکە تێگەیشتووەکەی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکەن و باقی شیکارییە پسپۆڕانەکان واز لێبێنن بۆ سەنتەرە تایبەتەکانی تاوتوێ کردنی تایبەت بە خۆیان.

*وەرگێڕان لە فارسییەوە: منصوررحیمی

News Code 891

Your Comment

You are replying to: .
captcha