لە پرسی شەنگالدا، تورکیا لە بەغدا بێ هیوا بوو

بەشی سووریا- سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) وتی: تورکیا دەیەوێت لە عەفرینەوە تا دێرک و لە دێرکەوە تا شەنگال داگیر بکات و سنوورە نێودەوڵەتییەک بخاتە ژێر کونترۆڵی خۆی و بەم شێوەیە کوردستانی سووریا بە تەواوێتی گەمارۆ بدات.

«جەمال شێخ باقی» سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە ئەگەری هێرش کردنی تورکیا بۆسەر دێرک و شەنگال و وتی: داگیرکاریی تورکیا پرسێکی کاتی بە هەڵکەوت نییە بەڵکوو پڕۆژەیێکی درێژخایەتی مێژووییە و حکوومەتی تورکیا بەنیازە گوشار بخاتە سەر کوردستانی سووریا و شەنگال.

ناوبراو درێژەی دا سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و پاشان بۆ هەولێر هەڵگری هەمان پەیام بوو و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕێککەوتنێکی دوو لایەنە لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقدا کرا و ناڕەزایی ژمارەیێک لە لایەنە عێراقییەکانی لێکەوتەوە.

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) وتیشی: سەردانەکەی خولوسی ئاکار بۆ بەغدا و هەولێر هەڵگری ئەم پەیامە بوو کە ئێوە ناتوانن ئەم پرسە جێبەجێ بکەن و تورکیا مکووڕە لەسەر گوشار و هێرش بردن.

جەمال شێخ باقی لەبارەی ئامانجەکانی تورکیا لەو هەڵمەتە وتی: تورکیا دەیەوێت لە عەفرینەوە تا دێرک و لە دێرکەوە تا شەنگال داگیر بکات و سنوورە نێودەوڵەتییەک بخاتە ژێر کونترۆڵی خۆی و بەم شێوەیە کوردستانی سووریا بە تەواوێتی گەمارۆ بدات.

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا جەختی کردەوە: تورکیا بەنیازە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق و سووریا کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو ڕێگایەوە بژیوی خەڵکەکەی دابین دەکات کونترۆڵ بکات، ببڕێت و گەمارۆ بخاتە سەر کوردستانی سووریا و تووشی پیلانگێڕیی سێ لایەنەی تورکیا، ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی بکەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەمەش ئامانجی کورت خایەنی تورکیایە و ئامانجی درێژخایەنی تورکیا کە لە مێشکیدایە ئیدیعا خاک و داگیر کردنی کەرکووک و مووسڵ-یشە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە زیاتر وتی: سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا نیشانی دا کە ئەو سیاسەتە نەگەیشتۆتە ئەنجام و کازمی نەگەیشتۆتە ئامانجەکانی چوونکە ڕەوتە سیاسییەکانی دیکە ئەو مۆڵەتەیان بە کازمی نەداوە.

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) زیادی کرد: تورکیا بەنیازە کە درێژە بە داگیرکارییەکانی بدات بەڵام بارودۆخی نێودەوڵەتی ئەو مۆڵەتەی پێنادات کە ئەردۆغان هێرشێک دژ بە شەنگال دەست پێبکات.

جەمال شێخ باقی لەبارەی ڕوانگەی هەر یەک لە تورکیا، ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وتی: تورکیا بەنیازە بەڕێوەبەریی خۆسەر بسڕێتەوە و ڕووسیا حکوومەتی ناوەندیی سووریاش دەیانەوێت ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندیی. بۆیە ئەم سێ لایەنە پیلانێکی هاوبەشیان بۆ کوردستانی سووریا هەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 897

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha