خوێندنەوەی هەڵسووڕاوە سیاسییەکانی کورد لە سەر هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراق

بەشی جیهان- چاودێرێکی سیاسیی کورد لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت سەرکردە عێراقییەکان لە ترسی ئەوەی بۆ جاری دووهەم هەڵنەبژێردرێنەوە هەڵبژاردنەکانیان دوا خستووە. نوێنەرێکی کوردی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت پێ دەچێت یەکێتی و پارتیدیسان لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق ڕکابەریی یەکتر بکەن. بەڵام چاودێرێکی کورد بڕوای وایە کە ڕەنگە کوردەکان و بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانی کار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی تەشریفاتیی سەرۆککۆماری نەکات.

کوردپرێس:

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیار بوو شەشی جوونی 2021 بەڕێوە بچێت دوا خرا بۆ 10ی ئەکتەوبری 2021. ژمارەیێک لە هەڵسووڕاوە سیاسییەکانی کورد چەند خاڵێک لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراق و داواکارییە تازەکان دەخەنە بەر باس.

محەمەد بەختیار چاودێری سیاسیی کورد کە بە گوێرەی نووسراوی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە بەردەوام دیدار لەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەتی عێراق دیدار دەکات پێی وایە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە بەرپرسانی باڵای عێراقی ترسی ئەوەیان هەیە دیسان هەڵنەبژێردرێنەوە.

ئەو ئاماژە بەوەش دەدات کە ڕەنگە کاتی هەڵبژاردنەکە دیسان بگۆڕدرێت و ئیدعاش دەکات کە گۆڕینی کاتی هەڵبژاردنی عێراق خواستی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.

محەمەد تالان هاووڵاتیی کوردی شاری سلێمانی تۆمەتی ئەوە لە بەرپرسانی باڵای عێراقی دەدات کە بەڵێنی و وادەی پڕوپووچ دەدەن و بە ماڵپەڕی ئینگلیزی زمانی ئەلجەزیرەی وتووە: ئەو سێ سەرۆکایەتیی عێراق بەڵێنی زۆریان بۆ چاک کردنی دۆخەکە داوە بەڵام هیچ لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون و موسیبەتەکانی ئێمە وەک بێکاری و کێشەی هاوسەرگیری و پەروەردە وەک خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراون.

بەختیار مەحموود یەک لە نووسەرانی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقیش بە ئەلجەزیرەی وتووە نوخبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق تەنها بیر لە پاراستنی پۆستەکانیان دەکەنەوە. ئامانجی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بە گشتی و هەروەها ئامانجی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران ئەوەیە لە پۆستەکانیان بمێننەوە و بیر لە بەرژەوەندیی شەخسی دەکەنەوە. ئەوان لە چارەکردنی کێشەکاندا ناتەوان بوون و نەیانتوانیوە گرێی کێشەی هاووڵاتییان بکەنەوە.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە پاش ڕووخانی سەدام سێ پۆستی گرینگی سەرۆککۆماری و سەرۆکوەزیری و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا بە کورد و شیعە و عەرەبی سوننە. بە پێی ڕێککەوتنە نێوخۆییەکانی دوو حیزبی باڵادەستی کوردی عێراقی واتا یەکێتی و پارتی، پۆستی سەرۆککۆماری بۆ یەکێتی تەرخان کرا و پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمیش درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان. بەو حاڵەشەوە ئەو ڕێککەوتنە شکا ئەوەش ئەو کاتەی لە 2018 پارتی کەسێکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کاندید کرد.

ڕێزان شێخ دلێر نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق بە ئەلجەزیرەی وتووە ڕەنگە ئەو حاڵەتە دووپات ببێتەوە و نوێنەرانی یەکێتی و پارتی وەک ساڵی 2018 کاندیدی حۆیان بە جیا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری دیاری بکەن.

بەرهەم ساڵح پاڵێوراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 2018 وەک سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا و فواد حوسێن پاڵێوراوی پارتی بوو بە وەزیری دەرەوەی عێراق.

ئەلجەزیرە لە زاری دوو ڕاوێژکاری سەرۆککۆمارەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت نووسیویەتی ئێستاش دیار نیە بەرهەم ساڵح جارێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید دەکرێت یان خەیر.

محەمەد بەختیار شرۆڤەکاری کوردی عێراقی لەو بارەیەوە بە ئەلجەزیرەی وتووە لەبەر ئەوەی یەکێتی چیتر هەولی وەرگرتنی پۆستی تەشریفاتیی سەرۆککۆماری نادات هەڵبژێردرانەوەی بەرهەم ساڵح تووشی کێشە دەبێت.

ناوبراو لەو بڕوایەدایە کە یەکێتی نیازیەتی سەرۆککۆماریی عێراق بۆ پارتی بەجێ بهێڵێت و لە بەرامبەردا پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی چەند وەزارەتخانەیێکی دەوڵەتی عێراق و لەوان وەزارەتی دەرەوە مسۆگەر بکات.

ئەو شرۆڤەکارە کورد لەو بڕوایەدایە کە ئەگەر پارتی پێشنیازەکەی یەکێتی قبووڵ نەکات سەرکردەکانی یەکێتی دوور نیە لەگەڵ حیزبە سوننە عێراقییەکان بۆ دەستخستنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەست بە گفتوگۆ بکەن. ئەلجەزیرە لە زاری سەرچاوەیێکی نەناسراوەوە ئیدعا دەکات کە یەکێتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عەرەبی سوننە بە مەبەستی دەستخستنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کار دەکات.

بەڵام سەرکەوت شەمسەدین نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەگەر پاڵێوراوی گونجاو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ببێت کوردەکان بەردەوام دەبن لە دەستخستنی ئەو پۆستە.

*منصور رحیمی

News Code 907

Your Comment

You are replying to: .
captcha