کۆنفیدراڵیزم ڕێگاچارەی قەیرانەکانی عێراقە/دەسەڵاتدارانی بەغدا پێبەندی دەستوور نین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی عێراق وێڕای تۆمەتبار کردنی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا بەوەی کە پێبەندی یاسای بنەڕەتیی عێراق نین بەتایبەت لەبارەی مافی ئەتنیک و قەومە جیاوازەکانەوە، دەڵێت جێگیر کردنی سیستەمی کۆنفیدراڵی تەنها ڕێگاچارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان لە عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سەردانی ئەمدواییەیدا بۆ ئێران گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێسدا ئەنجام دا و تیایدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، هۆکارەکانی قەیرانی دارایی لە هەرێم، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و هەروەها ئەگەری داگیر کردنی شەنگال لەلایەن تورکیاوە، کرد.

ناوبراو لەم دیمانەیەدا کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە، وێڕای تۆمەتبار کردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان لە بەغدا بە پێشێل کردنی دەستووری وڵات و پەراوێز خستنی لایەنەکانی دیکەی وڵات بەتایبەت کوردەکان؛ ڕایگەیاند: جێگیر کردنی سیستەمی کۆنفیدراڵی تەنها ڕێگاچارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان لە عێراق.

کوردپرێس: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەتایبەت لەم قۆناغەدا چۆن هەڵئەسەنگێنن و گرفتەکان چین لەبەردەم پەیوەندییەکاندا بۆ ئەوەی کە بگەینە ئەو ئاستەی کە هەردوولا ڕازی بن؟

محەمەدی حاجی مەحموود: من پێم وایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی کۆنە و ئەم پەیوەندییە زیاتر لە چل ساڵە، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ حزبەکاندا دەستی پێکرد و پاش پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئازادیی عێراق لە دیکتاتۆریەتی بەعس درێژەی پێدرا. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم لایەن بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ڕەسمی ناساندووە و کونسۆڵی خۆی ناردۆتە کوردستان. پەیوەندییەکان پەیوەندییەکی دۆستانە بووە و لە شەڕی عێراق و ئێران لەگەڵ دوژمنی موشتەرەک شەڕیان کردووە. کەوابوو پەیوەندییەکی دراوسێیی دۆستانەیان بووە و زۆر جاریش لە یەک سەنگەردا دژی دوژمنێکی موشتەرەک شەڕیان کردووە. ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک خاڵی کۆکەرەوەی هەردوولایە. هەروەها لەبواری فەرهەنگی و بوارەکانی تریشدا هەر پەیوەندیی هەبووە. پەیوەندیی ئەم دوولایەنە لە ئێستاشدا لەبوارەکانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵا و شتومەکدا بەردەوامە.

کوردپرێس: لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان دەبینین کە قەیرانێکی دارایی هەیە هۆکاری ئەم قەیرانە چییە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داهاتی هەیە و باردۆخی تایبەت بەخۆی هەیە بەڵام بۆ ماوەی چەند ساڵە دەبینین خەڵک و مووچەخۆران بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، هۆکارەکانی ئەم گرفتە کە چارەسەر نابێت چییە؟

محەمەدی حاجی مەحموود: خاڵی یەکەم ئەمەیە کە پێش 2014 حکوومەتی عێراقی میزانیە یا مووچە و بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بڕیوە؛ بەبێ ئەوەی کە هۆیێک هەبێت مووچەکەی بڕیوە و حکوومەتی لە مانگی 11ی 2013ەوە تا ئێستا مووچە و بوودجەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە. لە کاتی بڕینی مووچەکەیشدا شەڕی داعش هات. شەڕی داعش-یش 3 ساڵ و نیوی خایاند ئەو شەڕە شەڕێک بوو کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر ئێمە لە شەڕدا بووین ئەو شەڕەەیش بە بێ ئیمکانات و بەبێ ئەو کەرەستەیەی بتوانین بەرگریی پێوە بکەین نەدەکرا. جگە لە هەموو شەهید و بریندار و هەموو نەخۆش و دەرمان و چەک و هەموو ئەم شتانە کەڵەک بوون لەسەری دوای هەموو ئەمانەیش کە بەسەریدا هات کۆرۆنایشی بەسەر هات. کۆرۆنایش خۆتان دەزانن کە ئەو وڵاتانەی کە زیاتر پشتیان بە نەوتە، نەوت هاتەوە سەر سیفر واتە نەوت سیفر بووەوە و ئەوەش کاریگەریی خۆی هەبوو ئەمانە هەمووی کۆبووەوە لەسەر یەک واتا بڕینی مووچە و بوودجەی هەرێم لە بەغدا، شەڕی داعش و قەیرانی کۆرۆنا کە هەموو دونیای گرتەوە و کوردستانیش بەشێکە لەو دونیایە؛ ئەمانە هەموویان کەڵەک بوون بەسەر یەک و وایکرد کە قەیرانێکی دارایی ڕوو لە کوردستان بکات.

کوردپرێس: ئاماژەتان بە بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە کرد، کێشە چییە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە بەغدا دەستی بردووە بۆ بڕینی مووچەی هەرێم ئەو تێبینییانە چییە کە بەغدا هەیەتی؟

محەمەدی حاجی مەحموود: ئەڵبەتە لەو عێراقەی کە دوای سەدام دروست بوو، حکوومەتی بەعس لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هێزی پێشمەرگەوە ڕووخا. خۆتان ئەزانن ئەو کەسانەی کە ئێستا لە عێراق حاکمن ئەو کاتە لە عێراق نەبوون و لە وڵاتانی تر بوون و دوای ئازادیی عێراق گەڕانەوە وڵات. ئەوان هاتن و بوودجەی و مووچەی کوردستانیان بڕی و کوردیان قبووڵ نییە. واتا پەیڕەوەی ئەساسنامەی دەستووری عێراقی ناکەن دەستووری عێراقی بۆ هەموو پێکهاتەکانە داهاتی عێراق بۆ هەموو پێکهاتەی عێراقییە بەڵام ئەوان لە دەستووری عێراق لایانداوە و پەیڕەوی دەستووری عێراق ناکەن ئەمە خاڵی ئەساسیە. نەک هەر لە بواری بوودجە و مووجەدا ئەوان پەیڕەوەی دەستووری عێراقی ناکەن و لەدەستوور لایان داوە تەنانەت لە دانانی دەسەڵاتی سیاسیشدا لە عێراق لایانداوە، بۆ نموونە ئێستا لە دەستووری عێراق دەبێت سەرۆک وەزیران لە گەورەترین کۆتلەی پەرلەمانیی عێراق دامەزرێت بەڵام ئێستا سەرۆک وەزیران لە هیچ حزبێکیش نییە و ئەندام پەرلەمانێکیشی نییە و بووەتە ڕەئیسی عێراق.

کوردپرێس: ئێستا هەرچەند کە دانوستانەکان بەردەوامن بەڵام هەموو ساڵێک دەبینین کە دانوستان بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی دێت و ئەم لایەن لایەنی بەرانبەر تۆمەتبار دەکات کە پابەند نەبووە و دووبارە هەمان پڕۆسە و یاری دەست پێدەکاتەوە، چارەسەری بنەڕەتی چییە بۆ ئەوەی کە ئەم کێشە چیتر کۆتایی پێبێت؟

محەمەدی حاجی مەحموود: چارەسەر لە چەن خاڵدا هەیە. چارەسەری بنەڕەتیی یەکەم ئەمەیە کە ئەو پێکهاتانەی کە لە عێراقن نابێت مافی کەسیان بخورێت کوردە، شیعەیە، سوننەیە و تورکمان و ... ئەبێت پەیڕەوەی دەستووری عێراقی بکرێت و مافی پێکهاتەکان نەخورێت. خاڵی دووهەم و خاڵی ئەساسی ئەوەیە، بە بڕوای کم کونفیدراڵی بۆ ئێستای عێراق باشترین هەنگاوە. خاڵی سێهەم ئەمەیە کە ئەو وەفدانەی کە ئەچن بۆ بەغدا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕای من دەبێت بێنە ئێران و لەگەڵ تاران ڕێککەون و باشترە لەوێەوە بچن بۆ بەغدا.

کوردپرێس: دواهەمین پرسیار بابەتی تورکیایە، وەک دەبینین پاش سەردانی خولوسی ئاکار و پێش ئەوەش دەبینین هەڕەشە هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت باس لە شەنگال دەکرێت کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە شەنگالیش وەکوو هەندێک ناوچە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیر بکرێت، بۆچوونی ئێوە سەبارەت بەم کێشەیە چییە کە ئێستا بووەتە هۆی نیگەرانیی بەتایبەت هەرێمی کوردستان؟

محەمەدی حاجی مەحموود: من پێم وایە ئێستا تورکیا و پەکەکە شەڕێکیان هێنایە ئێرە و لە کوردستان لەگەڵ ئێمەدا تەسویەحیساباتی خۆیان دەکەن. واتا لە خاکی کوردستانی عێراق ئەوان تەسویەحیسابی خۆیان دەکەن ئەوان حەقە ئەو شەڕە بەرنەوە و لە تورکیا بیکەن و لە کوردستانی تورکیادا چارەسەریی کێشەکانی خۆیان بکەن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان هەواڵدەریی کوردپرێس

News Code 930

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha