کوردی سووریا هیوایان بە ئەمریکایە و بایدن ورتەی لێوە نایە
بەشی جیهان- سەرەڕای ئەوەی کە دەست بەکار بوونی ئیدارەی بایدن 15 ڕۆژی تێپەڕاندووە و هێزە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریا لەژێر گوشاردان، بەرپرسانی واشنتن هێشتا بێدەنگن لە ڕاگەیاندنی هەڵویستی ئیدارەی نوێ لەبارەی سووریا.

کوردپرێس: پاش ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا دابەزاند و هاوپەیمانێکی بۆ خۆی نەدۆزیەوە، ڕووی کردە کوردەکانی ئەو وڵاتە و هاوکات لەگەڵ مەشق و ڕاهێنان و پڕچەک کردنیان کۆمپانیایێکی نەوتیی ڕەوانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد بەمەبەستی پشتگیریی دارایی کوردەکان. بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە قەیراناویترین دۆخدا کە تورکیا هێرشی کردە سەر کوردەکان بەجێیانی هێشت تاکوو کوردەکان بەتەنها بمێننەوە و ناوی خەیانەت لەسەر هەڵمەتەکەی ترەمپ دانێن و ژمارەیێک بەرپرسی ئەمریکیش بەبێ ئیعتیبار بوونی ئەمریکا لە جیهاندا وەسفی بکەن.

کوردەکان پاش سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا هیوایان پێگەیشتەوە. جۆ بایدن و ئەو تیمەی کە بۆ ستراتێژییە سیاسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵیبژاردوون، زۆرینەیان لە ڕەخنەگرانی ڕەفتاری ترەمپ لەگەڵ کورد و سیاسەتەکانی تورکیا هەمبەر ئەمریکا بوون. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایی خۆسەر لەوان مەزڵووم کۆبانی لەلێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا چەندین جار داوایان لە بایدن و ئیدارەی نوێی ئەمریکا کردووە کورد هەمبەر هەڕەشەکانی تورکیا بپارێزن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە دەست بەکار بوونی ئیدارەی بایدن 15 ڕۆژی تێپەڕاندووە و هێزە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریا لەژێر گوشاردان، بەرپرسانی واشنتن هێشتا بێدەنگن لە ڕاگەیاندنی هەڵویستی ئیدارەی نوێ لەبارەی سووریا.

بەم حاڵەشەوە، وتاری زۆر لەلایەن شرۆڤەکارانی ئەمریکییەوە لەبارەی مانەوەی ئەو وڵاتە لە سووریا دەرکراوە کە هەندێکیان باس لە دوودەسەیی کابینەی جۆ بایدن دەکەن چوونکە ژمارەیێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکی بڕوایان وایە کە ئەمریکا دەبێت بە هێواشی و بەربەرە هێزەکانی لە سووریا بکشێتەوە بەڵام ژمارەیێک لەوان بڕوایان وایە کە دەبێت ژمارەیێک لە هێزەکانی وڵاتەکەیان لە سووریا بمێننەوە هەڵبەت ستراتێژیەتیان گۆڕانکاریی پێویستە.

ئەمریکییەکان هەروەها نێوەندگیرییان بۆ دانوستانی لایەنە کوردییەکان کردووە و ڕەنگە تەنها خاڵێک کە ئیدارەی جۆ بایدن لەبارەی کوردانی سووریا ئاماژەی پێداوە، پشتگیریی توویتەریی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا بوو لە دانوستانەکان.

ماڤپەڕی ئەلمۆنیتۆر لە زنجیرە ڕاپۆرت و وتارەکانیدا ئاماژەی داوە بە گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزە کوردەکان و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا لە قامیشلۆ و حەسەکە، هەروەها هەڕەشەکانی تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتە و دەڵێت: کوردەکانی سووریا زیاتر لەهەر زەمانێکی دی چاویان بڕیوەتە پشتگیرییەکانی ئەمریکا و ئەو پشتگیریەشیان پێویستە، بەڵام لە ئێستادا جۆ بایدن تووشی کێشەی ناوخۆییە و تەنگەژەی دەرەکی زۆریشی لەبەردەمە. هێشتا هەڵویستی خۆی لەبارەی کوردانی سووریا ڕانەگایاندووە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

وەرگێڕان لە فارسیەوە: بهروز علیمحمدی