ئەو گوشارە نوێیانە خراوەتە سەر کوردانی سووریا لەلایەن رووسیاوەیە

بەشی جیهان- ڕۆژنامەی لوانت دەنووسێت: ڕووسیا دەستی هەیە لەو هەڕەشەی تورکیا دەیکا لە کوردەکانی سووریا لە عەین عیسا و هەروەها ئەو گرژییانەی لەنێوان حکوومەتی ناوەندیی سووریا و کوردەکاندا ڕوویدا لە حەسەکە و قامیشلۆ ڕووسیا ڕۆڵی تێدا گێڕاوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێزە کوردییەکانی سووریا لە پاییزی ڕابردووەوە لە ناوچەی عەین عیسا لەژێر هێرشە تۆپخانەییەکانی هێزەکانی تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتەدان. لەمدواییەشدا گرژی کەوتە نێو هێزە کوردییەکان و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی لە حەسەکە و قامیشلۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کونترۆڵی کوردەکاندایە.

ڕۆژنامەی لوانت-ی بەریتانی لە شیکاریێکدا لەسەر ئەم ڕووداوانە دەنووسێت: هەموو ئەم گوشارانە بۆسەر کوردەکانی سووریا لە کۆتاییدا لەبەرژەوەندیی ڕووسیا و تورکیادایە. ئەم گوشارانە بۆ ئەوەی کە پێگەی کوردەکان لە سووریا لاواز بکرێت و سەرپشکییان لێبسێندرێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەیش دەدات بە گۆڕینی دەسەڵات لە ئەمریکا و دەڵێت ئەوەش هۆکارێکە بۆ بۆشایی هێز و کەم ڕنگ بوونی هێزی ئەمریکی لە باکووری سووریا، وەکوو هاوپەیمانی سەرەکیی کوردەکان.

لوانت ئاماژە دەدات بە نێوەندگیریی ڕووسیا لەنێوان دیمەشق و کوردەکان و دەڵێت مۆسکۆ نێوەندگیرێکی ڕاستگۆ نەبووە.

لوانت هەروەها دەنووسێت ڕووسیا خەریکی جێبەجێ کردنی پلانی "بی" لە سووریایە و لەڕێگای گوشاری سیاسی و سەربازییەوە هەوڵی لاواز کردنی کوردەکان دەدات.

ڕۆژنامەکە جەخت دەکاتەوە ڕووسیاش و تورکیاش یەک ئامانجیان هەیە و ئەوەش لاواز کردنی پێگەی کوردە لە سووریا. ئەوان دەیانەوێت لەڕێگای ئەو گوشارانەوە پەیامی خۆیان بۆ سەرۆکی نوێی ئەمریکا جۆ بایدن بنێرن کە وەکوو هاوپەیمانی کوردەکان دێتە ئەژمار.

لوانت دەڵێت: بەڵام ئەمریکاش بە پشتگیری کردن لە خولی نوێی دانوستانی کوردی-کوردی لە سووریا دەیهەوێت پشتگیری خۆی بۆ کوردەکانی سووریا نیشان بدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 980

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha