تورکیا بە تەمای داگیر کردنی هەرێمی کوردستانە

بەشی تورکیا- سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) دەڵێت: تورکیا دەیهەوێت بە بیانووی شەڕی پەکەکە بێ وچان درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بدات و بەرە بەرە دەسکەوتە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە لەناو بەرێت.

«حکمەت سەربلند» سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە وەڵامی پرسیاری کوردپرێسدا کە ئامانجەکانی تورکیا لەهێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق چییە، ڕایگەیاند: حکوومەتی تورکیا هەر کاتێک لەناوخۆی وڵات شەرعیەتی سیاسیی خۆی لەدەست بدات بەهێرش کردن بۆسەر کورد و قەڵاچۆ کردنیان هەوڵ دەدات پێگەی خۆی ساق بکاتەوە. تورکیا بە بۆردوومان کردن و وێران کردنی خانووی گوندنشینانی کورد دەیهەوێت ڕای گشتیی ڕەگەزپەرەستە تورکەکان لەناوخۆی تورکیا لەگەڵ خۆی هاروڕا بکات.

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەتی تورکیا بەتایبەت پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی نەتەوە پەرەستی تورک (MHP) بۆ ئەوەی کە شەرعیەتی ناوخۆیی لە تورکیا بەدەست بێنن، دوژمنایەتی لەگەڵ کورد دەگرنە بەر.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) ئەوەشی وت کە تورکیا دەیهەوێت بە بیانووی شەڕی پەکەکە بێ وچان درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بدات و بەرە بەرە دەسکەوتە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە لەناو بەرێت و جەختی کردەوە: تورکیا بەدوای لەناوبردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەم هێرشانە تەنها بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە نییە، بەڵکوو ئامانجی ئەم هێرشانە لەناوبردنی دەسکەوتی کوردەکانە لە هەموو ناوچەکاندا و تورکیا بەو هەنگاوەی بەدوای داگیرکاریدایە.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەم سیاسەتەی تورکیا پرسێکی ئاشکرایە و تەنها شەڕ فرۆشتن بە هەرێمی کوردستان و کوردستانی تورکیا نییە و هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و داگیر کردنی بەشێک لە کوردستانی سووریا ئەم ڕاستییە زیاتر دەسەلمێنێت.

حکمەت سەربلند وەبیری هێنایەوە: دۆخی ئابووریی تورکیا زۆر ناجێگیرە و هەموو ڕۆژێک و نەیارانی حکوومەت زیاتر دەبنەوە، لەم بارودۆخەدایە کە حکوومەتی تورکیا بۆ بێدەنگ کردنی دەنگە ناڕازییەکان دەست بۆ ئەم چەشنە هەڵمەتە سەربازییانە دەبات و کوردەکان دەکاتە ئامانج.

ناوبراو زیادی کرد: چەند ڕۆژ بەرلە ئێستاش حکوومەتی تورکیا زەبرێک دیکەی بەرکەوت و "جۆ بایدن" سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند و بەم شێوەیە بازنەی گەمارۆ سیاسییەکانی سەر حکوومەتی تورکیا تەنگتر بوویەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە داهاتوودا لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا تووشی تەنگانەی سیاسی توند ببێتەوە و هەر بەم بۆنەیشەوە بۆ قەربوو کردنەوەی ئەم خەسارەی بەریانکەوتووە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر کورد و بۆ لەناوبردنی دەسکەوتە سیاسییەکانی کورد لە عێراق و سووریا هەوڵ دەدات.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) ئەوەشی وت کە تورکیا نایەوێت کوردەکان یەکگرتوو بن و زیاتر لێکیدایەوە: تورکیا تەنها بژاردەی شەڕی لەبەردەم کورد داناوە. ئەم شەڕەی کە تورکیا لە (متینا،ئاواشین و زاب) هەڵیگیرساندووە تەنها شەڕ لەدژی پەکەکە نییە بەڵکوو خەڵکی مەدەنی و گوندەکانیش دەکاتە ئامانج و ژیانیان لەناودەبات.

حکمەت سەربلند درێژەی دا: تورکیا تەنها لە یەک ناوچە شەڕ ناکات بەڵکوو بەکرێگیراوەکانی خۆی بۆ ناوچەکان دەنێرێت هەر بەو چەشنەی کە بۆ لیبیا و قەوقاز ناردوویانی.

ناوبراو وتی: لەناوخۆشدا ئەردۆغان ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی جیدی بووەتەوە و خۆی و زاواکەی تۆمەتبار کراون. و 128 ملیار دۆلار شوێنی نەماوە و بەم شێوەیە سەرپۆشی لەسەر دادەنێت کە بۆ شەڕی تیرۆر سەرف کراوە.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) وەبیری هێنایەوە: تورکیا دەیهەوێت شەرعیەت بەم بابەتە ببەخشێت کە خەریکە دژی "تیرۆر" دەجەنگێت و ئەوانەش کە دژایەتی خۆی و سیاسەتەکانی دەکەن بە "خەیانەتکار" ناوین دەبات تا ڕاستییەکانی ئەمڕۆی تورکیا پەدەپۆش بکات.

لەبارەی ڕۆڵی حزبە کوردییەکان هەمبەر سیاسەتەکانی ئەردۆغا، حکمەت سەربلند جەختی کردەوە: پێویستە حزبە کوردییەکان هەمبەر سیاسەتەکانی ئەردۆغان یەکگرتوو بن و بێدەنگ نەبن هەمبەر سیاسەتەکانی و لە کۆڕە نێونەتەوەییەکاندا دیوی ڕەسی ئەو سیاسەتگەلە دەربخەن.

سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK) وتیشی: ئێمە وەکوو حزبی ئیسلامیی کوردستان ئەم هەنگاوەی تورکیا ئیدانە دەکەین و لەگەڵ کوردەکانین و داوا لەهەمووان دەکەین هەمبەر ئەم هەنگاوانە بێ هەڵویست نەبن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1784

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha