پەکەکە هۆکاری کوژرانی هێزەکانی پێشمەرگە نیە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا بە کوردپرێسی گوت: ئێمە بڕوا ناکەین پێشمەرگەکان بە دەستی پەکەکە گیانیان بەخت کردبێت لەبەر ئەوەی پەکەکە بڕوای بە شەڕی کورد و کورد نیە.

کوردپرێس:

کوفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پێکدادانی نێوان پەکەکە و پێشمەرگەی پارتی لە ناوچەی شاخاویی مەتینا کرد و گوتی: دوژمنانی کورد بەردەوام خواستی ئەوەیان بووە کە کورد بە کورد بکوژن. بۆیە پشتگیریی لایەنێکی دیاریکراو دەکەن و گوشار لە سەر گرووپێکی دیکە دروست دەکەن.

ناوبراو گوتیشی: لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە سسەدان ساڵ بە سەر پەیمانی لۆزان تێپەڕ دەبێت و ناوچەکە بۆ ڕووداوی گەورە و ژگۆڕانی گەورە لە زاوزێدایە ئەرکی هەموو کوردێکە کە زیاتر لە ڕابردوو بەرەو یەکگرتن هەنگاو بنێت و خۆی لە پێکدادانەکان دوور بگرێت.

ناوبراو زیادی کرد: تورکیا هەمیشە دوژمنی کوردەکانە و هەموو شتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی شەڕی کورد و کورد ڕووبدات و لەم ڕووداوەشدا ئەو بابەتە بە ڕوونی دەبینرێت.

کەنعۆ دووپاتی کردەوە: ئێمە لەو بڕوایەدا نین کە پەکەکە هۆکاری گیان سپاردنی پێشمەرگەکان بێت لەبەر ئەوەی پەکەکە لە ئەساسدا بڕوای بە شەڕی نێوان کورد و کورد نیە و هێزێکی کوردستانییە.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئەرکی هەر دوو لایە کە خۆیان لە شەڕی سەربازی و میدیایی بە دوور بگرن و زووبەزوو دەست بکەن بە گفتوگۆ لە سەر کێشەکانیان.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئەوەشی بیر هێنایەوە کە تورکیا هاتۆتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانیش و خاکی سووریاشەوە. لەم هەلومەرجەدا نابێت کورد خۆی سەرقاڵ بکات بە لێکترازانەوە بەڵکوو پێویستە بە هەموو تواناوە دژی داگیرکەران کار بکەن و لە ڕێگای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش و لە ڕێگای دەوڵەتی عێراقیشەوە دژی ئەم کارانەی تورکیا هەڵوێست وەربگرن.

News Code 2271

Your Comment

You are replying to: .
captcha