پاش هێرشە سەربازییەکانی تورکیا ژمارەی شەڕڤانانی ژن زیادی کردووە

بەشی جیهان- نەورۆز ئەحمەد، فەرماندەی گشتیی YPJ دەڵێت ژنانی شەڕڤانی کورد لەو کاتەی تورکیا هێرشی سەربازیی کردۆتە سەر باکووری سووریا بەشێوەیێکی بەرچاو ژمارەیان زیاتر بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەورۆز ئەحمەد، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) باس لەوە دەکات پاش هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لە ساڵی 2019دا ژمارەی ژنان لە ڕیزەکانیاندا زیادی کردووە.

نەوروۆز ئەحمەد بە ڕۆژنامەی گاردیەن-ی وتووە تەنها دوو ساڵ پاش هێرشی تورکیا لە ساڵی 2019دا 1000 شەڕڤانی ژن تەڤڵی هێزەکانیان بوونە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کچانی ژێر تەمەن 18 ساڵ و ژنانێک کە مێردیان هەیە مۆڵەتی تەڤڵ بوونیان بەم هێزانەوە پێنەدراوە.

ناوبراو دەڵێت هۆکاری زیاتر بوونی ژنانی شەڕڤانی کوردی سووریا و مانەوەی هێزەکانی یەپەژە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیایە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و هەوڵدان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عەفرین و گرێ سپی.

نەورۆز ئەحمەد دەڵێت لە ئێستادا ژمارەی هێزەکانیان دەگاتە 5000 کەس. جەختیشی کردەوە ژمارەی ئەو هێزانە لە گەرمەی شەڕی داعشدا لە ساڵی 2014 هەمان ژمارە بووە و وەبیری هێنایەوە کە سەدان کەس لەو هێزانە لە شەڕی داعشدا گیانیان لەدەست دا.

ناوبراو وتیشی نزیکەی 40لە سەدی هێزەکانی پۆلیس لە حەسەکە لە ئەندامانی YPJ پێکهاتوون و لە دوو ساڵی ڕابردوودا 1000 کەس بۆ شەڕی تورکیا تەڤڵی هێزەکانیان بوونە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2781

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha