ماوەی 5 ساڵە تورکیا، شەنگال بۆردوومان دەکات و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێدەنگە

بەشی جیهان- بەگوێرەی توێژینەوەکانی ناوەندی نێونەتەوەیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی، سوپای تورکیا بۆ ماوەی 5 ساڵ 27 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی لەناوچەی شەنگال ئەنجام داوە کە کوژرانی 33 کەسی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی نێونەتەوەیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی، لەنوێترین لێکۆڵینەوەیدا تەرکیزی کردۆتە سەر ناوچەی ئێزدی نشینی شەنگال و باسی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چەندساڵەی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە سوپای تورکیا لەساڵی 2017ەوە تا 2021 بەگشتی 24 ڕۆژ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جۆراجۆری لە شەنگال ئەنجام داوە لەوان ئۆپەراسیۆنی بۆردوومانی ئاسمانی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە بەکەڵک وەرگرتن لە داتا کۆکراوەکان کە لە 5 ناوەندی چاودێری جەنگ وەرگیراوە دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە شەنگال، بە کۆکراوەیی 33 کەس گیانیان لەدەست داوە کە لەنێویاندا هێزی پێشمەرگە، هێزی سوپای عێراق، هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال و خەڵکی مەدەنیش هەیە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە شەنگال بەهۆی بوونی پەکەکە لەو ناوچەدا ئەنجام دراون بەڵام زیاترین قوربانی لەنێو خەڵکی سڤیل و هێزەکانی دیکەدا بووە.

ناوەندی نێونەتەوەیی توێژینەوەکانی توندئاژۆیی دەڵێت تەنها ڕێگای کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە شەنگال؛ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنامەی شەنگالە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە ئاکتەوبری 2020 واژۆ کراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3076

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha