ئەگەری ئەوەی تورکیا جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کوردستانی سووریا زۆر کەمە

بەشی سووریا- سیاسەتوان و نووسەری کوردی سووریا دەڵێت: ئەگەر سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەگەڵ ئەردۆغان ڕێککەوتبا دۆخی کورد بەشێوازێکی دیکە دەبوو بەڵام ئەو هەڵەیەکی گەروەی کرد زەبری لە بزووتنەوەی کوردەکانی تورکیا دا و کوردانی سووریاشی خستە مەترسییەوە.

ساڵح سەنعان سیاسەتوان و لێکۆڵەری کوردی سووریا لەبوارەکانی سیاسەت و فەلسەفە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشە نوێکانی تورکیا لەدژی کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: پێش هەموو شتێک دەبێت تێڕوانینێکمان هەبێت لە دۆخی ئابووری و ناوخۆی تورکیا. تورکیا لە ئێستادا لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دروای بیانی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری مەزنی ئەو وڵاتە تووشی هەڵاوسان ببێت.
ناوبراو درێژەی دا: لەلایەکی دیکەوە پەیوەندیی حزبی دەسەڵاتدار لەگەڵ حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناوخۆی تورکیا ڕوو لە ئاڵۆزبوونە و هەروەها پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا، ڕووسیا و یەکێتیی ئەرووپایش سارد بووەتەوە. هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەردۆغان دەست بەم وتارانە بکات.
ساڵح سەنعان وتیشی: بەشێکی دیکەی مژارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتیکی گەلان کە بەربەستی دەنگی لە تورکیا شکاندووە و ئەمڕۆ بووەتە سەرئێشانێکی نوێ بۆ ئەردۆغان. سەرۆک کۆماری تورکیا هەوڵی دەدا لەڕێگای حزبە کوردەکانەوە لە تورکیا دەنگ بەدەست بێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش یارمەتیی بارزانیشی هەبوو بەڵام لە کۆتاییدا کەوتە ژێر کاریگەریی دەڵەت باغچەلی و پارت ینەتەوەپەرەستی تورکیا و درێژەی بە سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی دایەوە.
ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا ئاماژەی دا بە هەڵەی گەورەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان کە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتی داد و گەشە پێکنەهێنا و وتی: ئەو هەڵەیەکی گەروەی کرد زەبری لە بزووتنەوەی کوردەکانی تورکیا دا و کوردانی سووریاشی خستە مەترسییەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئەگەر دەمیرتاش لەگەڵ ئەردۆغان ڕێێکەوتنی کردبا دەسکەوتی زۆری بۆ کورد دەبوو چوونکە ئەردۆغان کەسێکی مامەڵەگەرە و بەدوا ئەوەدایە پێگەی خۆی بپارێزێت.
ساڵح سەنعان وەبیری هێنایەوە: ئەگەر کەسێک لە سیاسەت باش تێبگات و توانای تاوتوێ کردنی بابەتەکانی هەبێت دەتوانێت دۆخی خەڵکەکەی بەپێی بەرژەوەندییەکانیان ڕێکبخات بەڵام بەداخەوە دەمیرتاش هەڵەی کرد و کوردی تورکیا و سووریاشی خستە مەترسییەوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم هەڵەیە بیانووی دایە دەستی ئەردۆغانەوە کە هاوپەیمانی لەگەڵ باغچەلی پێکبێنێت. مەرجی باغچەلی بۆ هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ ئەردۆغان ئەوە بوو کە بەر لەهەموو شتێک بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا و عێراق و سووریا لەناو ببات.
ساڵح سەنعان وتیشی: هەموو ئەمانە دەستیان داوە بەدەستی یەکترەوە تا ئەردۆغان ئەم ڕەفتارانە دەست پێبکات هەرچەند کە ئەمڕۆ پێگەی کەوتۆتە مەترسییەوە و ئەگەری هەستانەوەی لەم کێچەڵە کەمە.
ئەم نووسەرە کوردە ڕاشیگەیاند: ئەگەری ئەوەی کە ئەردۆغان بتوانێت هێرشێکی نوێ لەدژی کوردستانی سووریا ڕێکبخات کەمە بەڵام بەگوێرەی شیکارییەکان ڕەنگە ناوبراو هێرشێک بۆسەر تەلڕەفعەت دەست پێبکات هەرچەند کە بەهۆی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و ئێران و سووریا لەو ناوچانەدا تووشی گرفت دەبێت و ئەو وڵاتانەش لەگەڵ ئەو هێرشەدا نابن.

News Code 3833

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha