ئەمریکا و ڕووسیا مۆڵەتی هێرشی دووبارەیان بۆسەر باکووری سووریا نەدایە تورکیا

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی لە سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت: ئەو هەڕەشانەی کە ئێستا ئەردۆغان لەدژی کوردستانی سووریا دەیکات توانای جێبەجێ کردنیانی نییە و هەموویان بانگەشەی میدیایین بۆ هەڵبژاردنی بەردەم و چەشنێک هەڵاتنە لە کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا.

«بێهجەت شێخۆ» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی لە سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هۆکارەکانی هەڵنەکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن پووتینەوە بۆ ئەردۆغان بۆ هێرش کردنە سەر باکووری سووریا، ڕایگەیاند: سووریا چووەتە ناو قۆناخێکی نوێ و دۆخێکی جیاوازی لە چاو ڕابردوو هەیە. نەک هەر ڕووسیا بەڵکوو ئەمریکایش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە دۆخەکە لە سووریا ئاڵۆزە و هیچیان لەگەڵ هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا نین و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەکردووە و بڕوایان وایە کە سەروەریی سووریا دەبێت پارێزراو بێت.

ناوبراو درێژەی دا: ئەو هەڕەشانەی کە ئێستا ئەردۆغان لەدژی کوردستانی سووریا دەیکات توانای جێبەجێ کردنیانی نییە و هەموویان بانگەشەی میدیایین بۆ هەڵبژاردنی بەردەم و چەشنێک هەڵاتنە لە کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا.

بێهجەت شێخۆ وتیشی: ئەمریکا و ڕووسیا چیدی بەنیازی گۆڕینی سیستەمی سووریا نین و هەروەها هێرشی دیکەی تورکیا قبووڵ ناکەن.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی لە سووریا (P.Y.K.S) جختی کردەوە: لە ئێستادا زۆرینە سیاسەتوان و چاودێران بڕوایان وایە کە ئەمریکا دۆسیەی سووریای ڕادەستی ڕووسیا کردووە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ڕووسیا دەڵێت ناوچە داگیرکراوەکان دەبێت بۆ ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بگەڕێندرێنەوە. بە کردار لە ئێستادا سووریا دابەش کراوە و بەشێکی لە ژێر کونترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە و بەشێکی لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و بەرەی نوسرەدایە و ڕووسیا دەیەهەوێت بە تێپەڕینی کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بۆیەش ڕێگایەک بۆ هێرش کردنی دووبارەی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا بوونی نییە.

News Code 4005

Your Comment

You are replying to: .
captcha