ستراتێژیی جۆ بایدن لەبارەی کورد و تورکیاوە بە چ شێوەیێک دەبێت؟

بەشی جیهان- دکتۆر دەیڤید ڕۆمانۆ بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: جۆ بایدن ستراتێژیێکی ئەرێنیی لەبارەی کوردەکانەوە لە عێراق و سووریا هەیە و دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت هاوشێوەی سەردەمی ترەمپ لە سووریا هەڵسوکەوت بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵبژاردنی جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمەریکا وەکوو سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە و لادانی دۆناڵد ترەمپ بووەتە هۆی گەش بینیی کوردەکان لە عێراق و سووریا لەبارەی گۆڕانی هەڵویستەکانی ئەمەریکا لەبارەی کوردەوە. ئەم بابەتەش لە پەیامە دەستبەجێکانی بەرپرسانی باڵای کورد لە عێراق و سووریا بەدیدەکرێت کە پیرۆزباییان لە بایدن کرد.

دکتۆر دەیڤید ڕۆمانۆ مامۆستای زانکۆی میزۆریی ئەمەریکا لەڕیزی لێکۆڵەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هەروەها شرۆڤەکاری پرسی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاژانسی کوردپرێس بە مەبەستی تاتوێ کردنی هەڵویستی جۆ بایدن لەبارەی پرسی کورد و حکوومەتی تورکیا دیمانەیێکی لەگەڵ ئەم شرۆڤەکارە ئەنجام داوە.

دکتۆر دەیڤید ڕۆمانۆ لەبارەی ستراتێژیی جۆ بایدن هەمبەر کوردەکان دەڵێت: من وا بۆی دەچم کە جۆ بایدن تێڕوانینێکی زۆر ئەرێنیی لەبارەی کوردەکان لە عێراق و سووریا دەبێت. ناوبراو زیاتر لە هەر سەرۆکێکی ئەمەریکا دەرک بە دۆخی ئەم ناوچەیە دەکات. بایدن لە ساڵی 2007دا یەکێک لە داڕێژەرانی دروست کردنی دوو ناوچەی خۆبەڕێوەبەری دیکە لە عێراق بوو کە ئەمەش دەری دەخات ناوبراو لەگەڵ حکوومەتی لامەرکەزییە لە عێراق.

ناوبراو زیادی کرد: جۆ بایدن کوردەکان بە باشی دەناسێت و پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ ڕێدۆزێکی بێ ئەخلاقانە و هەلخوازانەی بۆ هاوپەیمانەکانی نییە. کاتێک باراک ئۆباما بڕیاری پڕچەک کردنی کوردەکانی سووریای هەمبەر داعش دا، جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو. ئەڵبەت هەموو ئەمانە بەو مانایە نییە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەست بەجێ پشتگیریی لە سەربەخۆیی کورد بکات بەڵام ئەمە دێنێت کە زیاتر پشتگیری لە مافەکان و خۆبەڕێوەبەرییان دەکات.

مامۆستای زانکۆی میزۆری لەبارەی ستراتێژیی جۆ بایدن هەمبەر تورکیا دەڵێت: وا دیارە کە جۆ بایدن زیاتر لە دۆناڵد ترەمپ و تەنانەت ئۆبامایش تەنگ بە ئەردۆغان هەڵدەچنێت و لەباەری پێشێل کردنی دیموکراسی و ماف مرۆڤ و هەروەها هەڵمەتە ناحەزەکانی لە سووریا یەخەی پێدەگرێت.

دکتۆر دەیڤید ڕۆمانۆ وتیشی: ڕەنگە جۆ بایدن گەمارۆی ڕاستەقینە و سەخت دەخاتە سەر تورکیا بەهۆ ئەو ڕەفتارانەوە و هەروەها بەبۆنەی چالاک کردن و تاقی کردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئیس-400ی ڕووسیا. ئەم بابەتە لەلایەن هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخوازەوە لە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکرێت. بۆیەش ئەنقەرە لە سووریا و دیکەی ناوچەکان دەستی کورت دەبێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 56

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha