بە ئەگەری زۆرەوە تورکیا دووبارە  هێرش دەکاتە سەر کوردستانی سووریا

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) دەڵێت: ڕەنگە ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی وڵاتانی زلهێزی بۆ هەڵکرا بێت کە بەم شێوەیە دەستی کردووە بە هەڕەشە کردن لە کوردستانی سووریا.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئەگەری هێرشی زەمینیی سوپای تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا و وتی: تورکیا لەو وڵاتە داگیرکەرانەیە کە چاوی تەماحی بڕیوەتە خاکی کوردستان و دوژمنایەتیی مێژوویی لەگەڵ کورد هەیە و بەردەوام بەنیازە کورد بێهیوا بکات بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی سووریاوە بوو بە وڵاتی سەرەکی قەیران نانەوە لە سووریا.

ناوبراو وتی: تورکیا بەکەڵک وەرگرتن لە خەمساریی وڵاتان و حکوومەتی ناوەندیی سووریا دەستی داوەتە داگیرکاری لە ناوچە کوردنشینەکان.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ڕاشیگەیاند: تورکیا ناوچە کوردستانییەکان واتا عەفرین، باب، ترابلۆس، سەرێکانی . گرێ سپیی داگیر کردووە و ئێستاش بیر لە هەڵمەتێکی دیکە دەکاتەوە.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) وتیشی: پاش شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا هەندێک لە نەخشە و سیناریۆکان گۆڕیاون. تورکیا خەریکی تۆپبارانی ناوچە کوردنشینەکانە و ئەردۆغان باس لە جێگیر کردنی 1 ملیۆن پەنابەری سووری لە کوردستان دەکات.

ناوبراو زیادی کرد: پێنجشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بەڕێوەچوو و دەنگیان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دا. ئامانجی تورکیا دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ وەبیری هێنایەوە: تورکیا بە دژایەتی کردنی ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ نیەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ لە کوردستانی سووریا نیشان دا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەست پێبکات پرسی کوردی سووریا زیاتر لە ڕابردوو لێڵ ئەبێت، تورکیا بە بیانووی ئازاد کردنی باکووری سووریا کوردستانی کاول کردووە.

News Code 6076

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha