پێش بینی ناکەم لە ئێستادا دانوستانەکانی ئاشتی دەست پێبکات/حزبە کوردیەکان نەبنە دارەدەستی حکوومەت

بەشی تورکیا- سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) دەڵێت: ستراتێژیی حکوومەت هەمبەر دیموکراسی و خەڵک توندڕەوەی و گوشار دروست کردنە چوونکە ئاکپارتی نایەوێت دڵی هاوبەشە ڕەگەزپەرەستەکانی بڕەنجێنێت.

«مەسعوود تەک» سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) ئاماژەی دابە سیاسەتەکانی حزبی دەسەڵاتداری تورکیا و هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە کوردیەکان لە کوردستانی تورکیا و ڕایگەیاند: لەمدواییانەدا زۆر باسی پرسی کورد و حزبە کوردستانییەکان دەکرێت، کە یەک لەو باسانە باسی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان حزبە کوردیەکان و حزبی دەسەڵاتداری تورکیا واتا ئاکپارتی-ە. هەروەها ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی باس لە دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئاشتی لەنێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکیا دەکەن.

ناوبراو درێژەی دا هەروەها باس لە دامەزراندنی حزبێکی کوردیی موحافیزەکار دەکرێت کە ئامانجی پێکهێنانی ڕاکشانی دەنگی ئەو کوردانەیە کە بێزارن لە سیاسەتەکانی دوو حزبی داد و گەشە (AKP) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP).

مەسعوود تەک دەڵێت: ئەوانەی کە باس لە ئەگەری دووبارە دەست پێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی دەکەن ئاماژە بە سەردانەکەی "گوڵشەن ئوورهان" نوێنەری پێشووی وان لە پارتی داد و گەشە دەکەن بۆ دیاربەکر کە ئەو هەڵمەتە وەکوو هەنگاوێک وەسف دەکەن بۆ ئەو ئامانجە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: سەردانەکەی گوڵشەن ئوورهان کە ژمارەیێک ناوەندی مەدەنی و ناحکوومەیی بەسەر کردبووەوە بەڕای ژمارەیێک لە شرۆڤەکارن ئاماژەیێکە بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی و هەروەها ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە کۆشکی سەرۆک کۆماری لەگەڵ سەرۆکی پارتی کوردیی هودا-پار دیدارێکی هەبوو کە ئەمەش بەهۆکارێکی دیکە لەقەڵەم دەدرێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) ئاماژەی دابە ئامانجی حزبی دەسەڵاتداری تورکیا لەو کۆبوونەوەیانە و وتی: بێ گۆمان حزبی دەسەڵاتدار گەیشتۆتە بنبەست و قەیرانی ئابووری سەریهەڵداوەتەوە و هەربەم هۆکارەش ڕێژەی هەژاری و بێکاری زیاتر بووەتەوە و سیستەمی دەسەڵاتدرایش لە سیستەمی سەرۆکایەتیەوە بەرەو سیستەمی تاکە قەومیی تورکی و دیکتاتۆری هەنگاو دەنێت.

ناوبراو درێژەی دا: هەر داخوازیێکی ئابووری و فەرهەنگی ڕووبەڕووی تندڕەویی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و هەڕەشە و ئەشکەنجە و دەستگیر کردن و زیندانی کردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژ بە کەسایەتییەکان و گرووپە جیاوازەکان زیاتر دەبێت بەتایبەت کوردەکان زیاتر ڕووبەڕوو ئەم چەشنە هەڵمەتانە دەبنەوە.

مەسعوود تەک درێژەی دا: سیاسەتی دەستدرێژی و پاوانخوازیی حزبی دەسەڵاتدار دژ بە کوردستانی سووریا و عێراق درێژەی هەیە. بە ئاوڕدانەوە لە هەوڵ و دەستوەردانەکانی تورکیا لە دەریای ڕەش، لیبیا، قەفقاز و سووریا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەتنیا ماوەتەوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی فراوان بووەتەوە بۆیەش ئاکپارتی گخیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر درێژەی بەم سیاسەتە بدات سەرناکەوێت.

ناوبراو وتیشی: ئەمەش زۆر سروشتیە کاتێک کە ئاکپارتی دەبینێت کەوتۆتە تەنگانەی قورسی سیاسییەوە ئەم چەشنە هەنگاوانە هەڵدەگرێت و مانۆڕی سیاسیی نوێ دەست پێبکات.

مەسعوود تەک: لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت: بەڕای من پرسی کورد بە توندڕەوی چارەسەر ناکرێت و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پرسە نابێت بە تۆپ و تانک و زیندان کردن بێت بەڵکوو ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ کردن و لە سەر میزی دانوستاندا چارەسەر دەبێت.

ناوبراو دەڵێت: بەڵام حزبی دەسەڵات دار دان بەوەدا نانێت کە شکستی هێناوە و واز لە هەڵمەتەکانی خۆی ناهێنێت چوونکە ئەمڕۆکە حزبی دەڵاتدار و هاوبەشەکانی زیاتر لە ڕابردوو دەزانن کە بۆ مانەوەیان پێویستیان بە حزبی نەتەوەپەرەستی تورکی و ڕەوتی فاشیستیی و ڕەگەز پەرەستە لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا.

ناوبراو درێژەی ا ستراتێژیی حکوومەت هەمبەر دیموکراسی و گەلی کورد ڕوون و ئاشکرایە چوونکە ئاکپارتی نایەوێت دڵی هاوبەشە ڕەگەز پەرەستەکانی خۆی بڕەنجێنێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) لەبارەی چۆنیەتی سیاسەتی قبووڵ نەکردنی شکست لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە زیاتر وتی: هەروەها کە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە حزبی دەسەڵاتدار هیچ کاتێک ئامادە نییە دان بە شکستهێنانی خۆیدا بنێت و ئەردۆغان و ژمارەیێک لە پراگماتیستەکانی حزبەکەی، شکستەکانی خۆیان بەپێچەوانە وەکوو سەرکەوتن نیشانی خەڵک ئەدەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەگەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان ڕایبگەیێنێت کە (بەڵێ دانوستانەکانی ئاشتی دەستی پێکردووە) بێ وەستان جێبەجێی دەکات.

ناوبراو وتیشی ئاکپارتی لەسەر دوو بنەما دامەزراوە. موسوڵمان بوون و تورک بوون. لە نێو ڕەگەکانی پارتیدا ڕەتێک بەهێز هەیە کە جەخت لە تورک بوون دەکاتەوە وەکوو حزبی نەتەوە پەرەست. بۆیەش لەم بارودۆخەدا ئەردۆغان ئامادە نییە بە بیانووی دانوستانی ئاشتیەوە دووبەرەکی بخاتە ناو حزبەکەیەوە.

مەسعوود تەک لەبارەی ئەگەری دەست پێکردنەوەی پڕۆژەی ئاشتی وتی: بەئاوڕدانەوە لەو باسانە کە کرا پێش بینی ناکەم کە دانوستانی ئاشتی دەست پێبکاتەوە و ئەم بابەتە لە ئێستادا نامومکینە.

ناوبراو زیادی کرد: ئامادە بوون و سەردانی ژمارەیێک لە ئەندامانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ دیاربەکر و هەندێک شوێنی دیکە تەنها خڵەتاندنی ڕای گشتییە.

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) لەبارەی پێکهێنانی حزبی کوردی لەلایەن ئاکپارتیەوە وتی: من ناتوانم لەبارەی پێکهێنانی حزبی کوردی لەلایەن ئاکپارتیەوە شتێکی ڕوون و دیاریکراو بڵێم چوونکە هیچ زانیاریێکی وردم لەمبارەوە لەبەردەست نییە بەڵام بەگشتی شتانێک لەمبارەوە دەوترێت کە جێی گومانن.

ناوبراو درێژەی دا: بەڵام دەتوانم بڵێم کە پێکهێنانی حزبی کوردی لەلایەن دوژمنانی کوردەوە لە بەرژەوەندیی کورددا نییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئایا ئەمڕۆکە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانی تورکیادا بۆشاییێک هەیە کە پێویستی بە پێکهێنانی حزبێکی نوێ لەلایەن کەسانی دیکەوە بێت؟ من وا بۆی ناچم.

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی تورکیا (PSK) وەبیری هێنایەوە: دروستە کە ژمارەیێک کوردی موحافیزەکار لە ئاکپارتی جودا بوونەتەوە و یان ژمارەیێک لە لایەنگرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە سیاسەتەکانی حزبەکەی خۆیان ناڕازین بەڵام ئەمەش بەو واتایە نییە کە دەبێت حزبێکی نوێ پێکبهێندرێت.

مەسعوود تەک لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: بێ گومان دامەزراندنی حزبێکی نوێ لەلایەن هەر تاک و گرووپێکەوە بابەتێکی سروشتییە کشانەوەی ژمارەیێک لە کوردانی موحافیزەکار لە ئاکپارتی بەهۆی قبووڵ نەکردنی سیاسەتەکانی ئەو حزبە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حزبێکی نوێ مافی خۆیانە بەڵام پێویستە کە دژایەتیی مافی نەتەوەیی کوردەکان لە تورکیا نەکەن و نەبنە دارەدەستی تورکەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha