ئایا رێگایەکی سێهەم هەیە لە بواری سیاسیی کوردی تورکیادا/ عەلی گویل سۆی*
بزووتنەوە کوردییەکانی دژی پەکەکە لە ساڵی 2005 لە ژێر چەتری "بزووتنەوەی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد" (TEVKURD) پێکەوە ئیئتیلافێکیان ساز دا و بۆ ماوەی 7 ساڵ تا ساڵی 2012 خزمەتێکی زۆریان ئاراستەی کۆمەڵگای کوردەکانی تورکیا کرد، بەڵام بە چەندین هۆکار ئەم بزووتنەوەش نەیتوانی بەردەوام بێت و لە بەر یەک هەڵوەشاوە.
مەبەست لە چەمکی "پارتە دژکارەکانی کوردی تورکیا" تەواو ئەو پارتە کوردییانەیە کە لە دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) پارتی ناوچە دیموکراتیکەکان (DBP) لە بواری سیاسیی تورکیادا چالاکن. ئەم پارتگەلە سەرجەم بە دوو بەش دابەش دەکرێن کە یەکگرتنەوەیان پێکەوە تا ڕادەیەک نامومکینە. بەشێک لەو بزووتنەوە، ئەو پارت و بزووتنەوانە دەگرێتەوە کە لە ناوەندی سیاسەتی تورکیادا پێوشوێنی پرسی کورد و نەتەوەخوازیی کورد دەگرن و لەوێ لە پێناو چارەسەریی کێشەی کورد هەوڵ دەدەن. پارت و بزووتنەوەکانی وەک بزووتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادی کوردستان (PAK)، پارتی دیموکراتی باکووری کوردستان (KDP-Bakur)، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (KDP-T)، پارتی ماف و ئازادی (HAK-PAR)، پارتی ئازادی و سوشیالیزم (ÖSP)، پارتی کوردستانی (Pa-Kurd) و ... لەم بەشە دادەنیشن. لە بەرامبەر ئەماندا پارتە ئیسلام‌خوازەکانی کورد به نوێنەرایەتیی پارتی دۆزی کورد (Huda-Par) ئامادەن. گەرچی بیچم گرتنی ڕەوتی ئیسلام‌خوازەکانی کوردی تورکیا لە سایەی پارتی دۆزی ئازاد بووە و ئەمەش لە خۆیدا رێگایەکی سەخڵەت و پڕکەندوکۆسپی بۆ ئەو پارتە بە دواوە بووە. بەڵام خود نوێنەرایەتیی کۆمەڵگای ئیسلام‌خوازەکانی کورد بووەتە هۆی سەرهەڵدان و پێشچوونی ئەو پارتە. پارتی دۆزی ئازاد لە پرسی کوردستان و نەتەوەخوازیی کورد کە ئێستا لە تورکیا تەشەنەی سەندووە خۆی بە دووڕ گرتووە لە پەکەکە  HDP – DBP – PYD - YPG – و بەردەوام لە باری سیاسییەوە خۆی لە دەوڵەتی ناوەندی نزیک کردووەتەوە. گەرچی هاوکاری و پشتیوانیی ئەم پارتە لە پارتی داد و گەشە لە کورتە مەودا لە بەرژەوەندیی پارتی دۆزی ئازادە، بەڵام لە درێژە مەودا ئەمجۆرە لە هاوکاری کردنی ئاک پارتی بووەتە هۆی دابڕانی کوردەکان لەوان و بە زیانی ئەو پارتە تەواو بووە.
لە راستیدا پارتە سیاسییە دژکارەکانی کوردی تورکیا هەم لاوازن و هەمیش لە بەستێنی ئیئتیلاف و هاوکاریی یەکتر نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی باش هەڵسوکەوت بکەن. بزووتنەوە کوردییەکانی دژی پەکەکە لە ساڵی 2005 لە ژێر چەتری "بزووتنەوەی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد" (TEVKURD) پێکەوە ئیئتیلافێکیان ساز دا و بۆ ماوەی 7 ساڵ تا ساڵی 2012 خزمەتێکی زۆریان ئاراستەی کۆمەڵگای کوردەکانی تورکیا کرد، بەڵام بە چەندین هۆ ئەم بزووتنەوەش نەیتوانی بەردەوام بێت و لە بەر یەک هەڵوەشاوە. پاش هەڵوەشانەوەی بزووتنەوەی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد، پارت و بزووتنەوەیەکی کۆگری سیاسیی دیکە هەنگاوی نەناوەتە ناو کۆمەڵگای کوردەکانی تورکیا به چەشنێک کە بتوانێ خزمەتی سیاسی ئاراستە بکات و ڕۆڵێک لە تورکیا بگێڕێت کە ئەو بزووتنەوە لە ئەستۆی گرتووە. تەنانەت کۆنگرەی کۆمەڵگا دیموکراتیکەکان (DTK) کە بە پێڕەوکردنی پرێنسیپەکانی بزووتنەوەی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد لە ساڵی 2007 سەری هەڵدا، نەیتوانی پرێنسیپی سەرەکیی ئەو بزووتنەوە بپارێزێت و بە نزیک بوونەوە لە پەکەکە و پاشان لە پارتی دیموکراتیکی گەلان تێکەڵ بەو بەرەیە بوو.
پاش ئەوەی کە بزووتنەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد لە بەر یەک هەڵوەشاوە، بزووتنەوەیەک لە گۆڕێدا نەبوو کە بتوانێ ئەو ڕەوتەی کە ئەو بزووتنەوە لە تورکیا پێوشوێنی دەگرت، سەقامگیر کات. ئەمڕۆکە هەندێک پارت و بزووتنەوەی کوردی لە تورکیا ئامادەن کە ڕابەریی ڕەوتی دژایەتیی کوردەکانی تورکیا دەکەن، بەڵام سەر لە بەریان لاوازن. سەرجەم سەبارەت بە ڕەوتە دژکارەکانی کوردی تورکیا دوو بۆچوونی گشتی هەیە کە بریتین لە:
1- تەواو پێکهاتە دژکارەکانی کورد لە تورکیا دەستیان داوەتە چاکسازی و بە پێکهاتەیەکی سیاسیی نوێوە (بە کەسایەتیی سیاسی نوێ و پلانی جیاوازەوە) هەنگاویان ناوەتە ناو بەستێنی ڕکابەرییەکانی سیاسی.
2- ڕەوتە دژکارەکانی ئێستا پێکەوە ئیئتیلافیان ساز داوە و بە پشتیوانیی هەندێک کەسایەتیی بەرهەڵستکاری ناسراوە ڕێکخستنێکی نوێیان دەست پێ‌کردووە.
ئەمڕۆکەش ئەو بابەتە لە ئارادایە. یان ئەو ڕەوتانە پێکەوە ئیئتیلافیان ساز داوە و پێکهاتەیەکی نوێیان گرتووەتە بەر و یان پێکهاتەکانی بەردەم کراوەتە ئامانج و بەرەو چاکسازیی بنەڕەتی هەنگاو دەنێن. هەڵبەت دەبێ داکۆکی لەوەش بکەینەوە کە بۆ دامەزراندنی ئیئتیلافێک لە نێوان ڕەوتە دژکارەکانی کوردی تورکیا، پێویست بە "ئەرێ" وتنی تەواو پارتە سیاسییەکان نییە. بەڵام بۆ ئاوەها گۆڕانکارییەک، کۆبوونەوەی زۆربەی ڕەوتە سیاسییەکان پێویست و زەروورییە. لە ئێستادا بزووتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادی و سوشیالیزم (ÖSP)، پارتی ئازادی کوردستان (PAK)، پارتی دیموکراتی باکووری کوردستان (KDP-Bakur)، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (KDP-T) و پارتی کوردستانی (Pa-Kurd) لە تورکیا دانوستانگەلێکی باشیان دەست پێ‌کردووە و چاوەروان دەکرێت کە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئیئتیلافێکی کۆگر ڕابگەیێنن. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئەم گفتوگۆیانە لە ئەنجامدا پارتیکی سیاسیی تاقانەی لێ‌دەکەوێتەوە و یان لە قەوارەی ئیئتیلافیکی چەند پارتی دەردەکەوێت. ڕۆڵی گرینگ لەو بزووتنەوەیە کە لەم دواییانە دەستی پێ‌کردووە لە ئەستۆی پارتی بزووتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادی کوردستان (PAK) و پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (KDP-T) دەبێت. گەر ئەو سێ پارتە پێکەوە ڕێککەون، پارتەکانی دیکە لە ژێر سێبەری ڕێککەوتنی ئەوان بەرەو یەکگرتوویی و بەشداری لە ئیئتیلاف هان دەدرێن.
گەرچی بزووتنەوەی ئازادی لە هەڵبژاردنەکانی 1ی نۆڤیمبێری 2015 پەرلەمانی تورکیا لە گەڵ پارتی دیموکراتیکی گەلان ئیئتیلافی پێکهێنابوو، بەڵام بە هیچ چەشنێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەو پارتە بەشدار نەبوو و تەنانەت "سێدقی زیلان" سەرۆکی پارتی ئازادی بە هۆی برادەری و هاوڕێیەتیی کۆنی لە گەڵ "سەید هاشمی هاشمی" نوێنەری سەربەخۆی ئامەد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا پشتیوانیی لەو کرد. سەید هاشمی هاشمی لەو هەڵبژاردنە، بە هۆی پشتیوانیی سێدقی زیلان و کوردەکانی پیران، هەنە، باغڵاو، یەنی شەهیر، سوور و کایا پینار کە بە ڕادەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی ئازادین و ئەو پارتە لەو ناوچانە زۆرترین لایەنگری هەیە، توانی 15 هەزار دەنگ بە ناوی خۆیەوە مسۆگەر بکات و پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، هاشمی هاشمی لە لێدوانی رۆژنامەوانیی خۆی لە ئامەد ئاماژەی بە هاتنە کایەی رێگایەکی سێهەم لە بواری سیاسیی کوردەکان کرد. ئامادەبوونی سێدقی زیلان سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ئازادی لە پەنای هاشمی پاش هەڵبژاردنەکان و خستنە بەرباسی ڕەوتی سێهەم لە تورکیا زۆر مانادار بوو. (مەبەست لە رێگای سێهەم لە بواری سیاسیی کوردەکانی تورکیا رێگایەکی جیا لە پارتی داد و گەشە و پارتی دیموکراتیکی گەلانە).
ڕەوتێکی دیکەی کە دژایەتیی تەواوی لە گەڵ ئایدیالۆژیای چەپ – سوشیالیستیی پەکەکە هەیە و لە بواری سیاسیی کوردەکانی تورکیادا چالاکە، ڕەوتی ڕادیکاڵ – ئیسلامیی پارتی دۆزی ئازاد وەک پارتێکی نزیک لە حیزبوڵڵایە. ئەم پارتە لە چالاکییەکانی ئەم دواییەی خۆیدا توانیویەتی سێبەر بخاتە سەر ڕەوتە چکۆلەکانی ئیسلام‌خوازیی ناو کوردەکانی تورکیا و لەو ڕووەوە پێشکەوتنێکی باش لە بەستێنی سیاسیی کوردەکانی تورکیا مسۆگەر بکات.  بەڵام ئەم پارتە لە بابەت کەسایەتییە سیاسییە ناوخۆییەکانی پارتەکەی لە کۆمەڵگای کوردەکانی تورکیاوە دوور کەوتووەتەوە و بۆ ئەوەی ببێتەوە بە یەکێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی ناو بەستێنی کۆمەڵگای کوردی تورکیا دەبێ دەست بداتە چاکسازی و لە سەرووی هەموویانەوە بە کەسایەتییە سیاسییەکانیدا بچێتەوە. ئەم پارتە دەبێ توێژی ڕەق و سەختی هاوێری خۆی بشکێنێت و بە نیسبەتی جەماوەری کوردی تورکیا سیاسەتی گرینگ‌تر بگرێتە بەر. تا کاتێک که ئەم پارتە خاوەن بەربەستە تووند و سەخڵەتەکانی خۆی بێت و لە بواری سیاسیدا وەرچەڕخان و نەرمی پێویست لە خۆی نیشان نەدا، ناتوانێ ڕەوتێکی بە هێز لە کۆمەڵگای کوردەکانی تورکیا بەرهەم بێنێت.
* شرۆڤەکاری پرسی سیاسیی تورکیا
ژێدەر: هەواڵدەریی HaberDiyabakir
وەرگێڕان: هەواڵدەریی کوردپرێس
 

 

کۆدی بابه‌ت: 49296  |  به‌روار: ۱۳۹۴/۸/۲۸  |  کاتژمێر: 6 : 55

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
کاردانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک
بەنداوی تەبقا لە لایەن ھێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە گەمارۆدرا
تەقە لە پەرلەمانی بریتانیا کرا/ کوژران و برینداربوونی ۱۴ کەس
ڕێنوێنییەکانتان مایەی دڵگەرمیی چالاکانی ئابوورییە/ کەمایەسییەکان قەرەبوو دەکەینەوە
خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ژنێڤ پێنجشەمە دەست پێدەکات
بەغدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بە نایاسایی دەزانێت
خۆشحاڵی دەربڕینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشداریی نوێنەری بارزانی لە کۆنفڕانسی واشنتۆن
سەرسووڕمانی ئەندامی یەکێتی بۆ هەڵدرانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک
کاردانەوەی ئەندامی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلیس بە سووکایەتی بە جلی کوردی له کەناڵی دووی تەلەڤیزیۆنی ئێران
ئەڵمانیا فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە تورکیای ڕاگرت
١١٦٩ کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شۆراکانی ئیسلامی لە کوردستان ناونووس کردووە
١٣٥٠ کەس بۆ هەڵبژاردنی شورای ئیسلامی شار و گوندەکانی کرماشان خۆیان ناونووس کردووە
ڕنووی بەفر بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەس لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
دەیان کوژراو و بریندار لە بوردۆمانی قوتابخانەیەکی ڕەقە
قایمقامی حەلەب دەستخۆشی له پاڵپشتییەکانی ڕووسیا، ئێران و چین دەکات
ئیمکانات